Sunday, March 20, 2016

خەباتی ژنان لە ئێران: بێ ئاگایی ناوەند لە پەراوێز

خەباتی ژنان لە ئێران: بێ ئاگایی ناوەند لە پەراوێز
خەباتی بەردەوامی ژنان لە سەردەمی شۆرشی مەشرووتەوە تا ئێستا بۆ سڕێنەوە ئەو نادادپەروەری و نایەکەسانیانەی کە لەسەر بنەمای جەندەر بەسر ژنانداسەپێنراوە بێ ئەنجام ماونەوتەوە. لەسەرەتای دەیەی 1930 زاینیدا ژنان لە ئێران خاوەنی 14 گۆڤار بوون و  دەیان توانی لە رێگەی  ئەو بڵاوکراوانەوە باس لە ماف و کێشە کۆمەڵایەتیەکانیان بکەن؛ لە ساڵەکانی دەیەی حەفتای زانینیدا ژنان تۆانیان هەندێ ئازادی و مافی خوێند بۆ خۆیان دەستلەبەر بکەن و توانیان هەندێک لە بەربەستە کۆمەڵایەتیەکان تێکبشکێنن و بەشداری بکەن لە ژیانی گشتی کۆمەڵگای ئەوکاتدا. بەڵام دوابەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران لەدژی حکومەتی پەهلووی ئەو مافانە دیسان لە ژنان وەرگیرانەوە.

پاش لە سەدەیەک لە خەبات، ژنان هێشتا لە چاوی دەسەڵاتەوە وەکو مرۆڤ چاویان لێناکرێ، ئەوان هێشتا ساددەترین مافگەلێکی وەک مافی تەڵاق وەرگرتن و مافی بەخێوکردنی منداڵەکانیانیان لێ زەوت کراوە. هەرەوها ئەوان رێگەیان پێ نادرێ بە بێ رەزامەندی هاوسەرەکانیان وڵات بەجێ بهێڵن و سەفەر بکەن.  لە مێژووی ئێراندا، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان بنەمای دەسەڵاتی خۆیانیان لەسەر چەوساندنەوەی لەشی ژنان داڕشتووە. لە ژێر دەسەڵاتی رەزا شای پەهلووی لە ساڵەکانی 1925 تا 1941 لە ژێر ناوی ”بە رۆژئاوای کردنی“ کۆمەڵگای ئەوی دەم، ژنان حیجابیان بە زۆر پێ وەلانرا، دواتریش دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران بۆ ”بە ئیسلامی کردنی“ کۆمەڵگا دیسان ژنان حیجاب بە زبر و زەنگ پێ لەبەر کرایەوە. هاوچەشن لەگەڵ هەڵسوکەوتی دەسەڵات بەرامبەر بە ژنان، تاکی پیاویش لە ناو کۆمەڵگادا دەسەڵاتی خۆی لە رێی کنترۆڵکردنی ژنەوە دەسەلمێنێ و پێوەری دەسەڵاتی پیاو لە رێ ئاستی کنترۆڵی ئەوەوە بەسەر ژندا پێوانە دەکرێ.

سەرەڕای ئەمانە، یەکێکی تر لە گرفت و لەمپەرەکانی بزوتنەوەی ژنانی ئێران ئەو روانگەی دژ بە یەک و ناتەبایە کە لە نێوان ژنانی چالاکی ئاینی و ژنانی چالاکی سێکۆلاردا بوونی هەیە. لەلایەک گروپێک پیوایە ”ئیسلامی رەسەن“ دەتوانی رزگارکەری ژنان بێ؛ لە لایەکی دیکەوە، گروپێکی دیکە پێوایە سێکۆلاریزە کردنی کۆمەڵگا هەنگاوی یەکەمە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی داگیرکەری پیاواندا. لەم خەباتەدا، ژنانی شار و لادێ لەگەڵ یەک یەکگرتوو نین، لە کاتێکدا ژنانی چینی سەرەوەو ناوەندی کۆمەڵەگا لە هەوڵی دەستلەبەر کردنی مافی خوێندن و کارکردنن، ژنانی هەژاری چینی خوارەوەی کۆمەڵگا لە چەرمەسەریدا دەژین و لە هەوڵ وتەقالایی دابینکردنی سەرەتایی ترین پێداویستی و بژێوی ژیانیاندان.

یەکێک لەو هۆکارە شاراوانەی کە بۆتەی سەرچاوەی دابڕان و ناتەبایی لە نێوان چالاکانی مافی ژنان و فێمێنیستەکان لە ئێران نەتەوە پەرەستی چەلاکانی نەتەوەی سەردەستە. زۆربەی ئەم چالاکانە یان بێ ئاگان لە لێکئاڵاوی فیمنیسم و پرسی ئەتنیک، یان دەترسن باس لە پرسێکی وا گرنگ بکەن کە بە جۆرێک بۆتە تابوو هێڵی سوور لەکۆمەڵگای ئێراندا.

دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران دەمێک ساڵە لە هەوڵی ئاسیمیلە کردن و تواندنەوەی کەمایەتیە ئەتنیکی و ئائینیەکانی ژێر دەسەڵاتیەتی، بۆ نمونە گەر چاوێک بە بارودۆخی کوردەکان، بەلوچەکان، ئازەریەکان، تورکەمەنەکان، عەرەبەکان، بەهایی، یارسان، کاکەیی و ئەوانی تر بخشێنین ئەوا راستی ئەم بانگەشەیەمان بۆ دەردەکەوێت. تاکۆئیستاش، داننان بە جیاوازی هەرکام لەم گروپە ئەتنیکی و ئائینیانە وەک گروپێکی تاک کە هەرکامەیان خاوەنی تایبەتمەندی خۆیانن بە بڤەو مەترسیدار لەقەڵەم دەدرێ لای ئەو ئێرانیانەی کە فرەچەشنی و فرەرەنگی ئەتنیکی و زمانی بە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر یەکگرتووی خاکی وڵات دەزانن، ئەوان لەو باوەڕەدان کە باس کردنی جیاوازیەکانی نێوان ئەم گروپانە دەتوانێ ژێدەری هەستی جیایی خوازی و تێکشکاندنی سنورەکانی ئێستای ئێران بێ. هەر بەم شێوە، چالاکانی ژنانی نەتەوەی سەردەستیش شان بەشان ئەم بیرۆکە زاڵە - بە پشت گوێ خستنی پرسی فرەچەشنی و جیاوازیە ئەتنیکی، ئائینی، چینایەتیکانی ژنانی کۆمەڵگای ئێران رۆڵی ئەیجنتێکی پیاوسالار دەبینین لەبەرهەمهێنانەوەو سەپاندنەوەی شۆڤۆنیزمی نەتەوەی فارس لە ئێران.

ئەمرۆکە بە هۆی بەربڵاوی گوشاری ئاسیمیلاسیون و یەکدەستکردنەوەوە، زۆربەی فێمێنیستانی ئێرانی خۆیان بە گوتاری زاڵی ناوەندەوە دەبەستن و خواستەکانیان لەچوارچێوەیەکی ناوەند-تەوەردا پێناسە دەکەن. ئەمە تەنیا کێشەی چالاکانی نەتەوەی سەردەست نیە، بەڵکو هەندێ لە چالاکانی پەراێزیش کە خۆیان بەشێکن لەکەمایەتیە ژێردەستەکان گیرۆدەی ئەم ناوەند-تەوەریە بوون و رێگە خۆشکەرن بۆ بەرزکردنەوەی بیرو بۆچوون و دەنگی ناوەند-تەوەر وەکو تەنها دەنگێکی سەرەکی بزوتنەوەی ژنان لە ئێران. کاتێ کە ئەم چالاکانە پێان وایە کە بەهێزترین دەنگ بۆ گەڵاڵە کردنی کێشەو گرفتەکانی ژنان دەنگی چالاکانی ناوەندە، هەست دەکەن کە ئەمانیش دەبێ دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ئەوان و ببنە هاوپەیمان لەگەڵیان و لەڕێی ئەزموونی ئەوانەوە کێشەو گرفتەکانیان پێناسەو پێوانە بکەن. هەر بۆیە ئەم چالاکانەی مافی ژنان سەرکەوتوو نەبوون لە ناسینی جیاوازی نێوان ئەزموونی ژیانی ژنانی ناوەند و هەموو ئەو چەوسانەوەو سەرکوتە جیاوازو فرە رەهەندانەی کە ژنانی کەمایەتیە نەتەوەیەکان رۆژانە دەیچێژن.

ئەم کێشەیە بە جورێک بوەتە  گرێ کوێرێک لە ناو خەباتی رزگاریخوازانەی ژنان لە ئێران و بۆتەی هۆی لەیەک دابڕاندنی ژنانی ناوەند و ژنانی پەراوێز لە یەکترو پەرتەوازەیی خەباتی ژنانی لە سەرانسەر ئێراندا. ئەم کێشەیە تەنیا تایبەت نیە بەو چالاکانی کە لە ناو ئێراندا دەژین، بەڵکو باڵیشی کێشاوە بەسەر ئەوانەش کە لە دەرەوە چالاکی دەکەن. ساڵی رابردوو دوابەدوای رۆژی جیهانی ژنان، یەکێک لەئەندامانی گروپێکی چالاکی ژنانی ئێرانی لە تۆرنتۆ پەیوەندی پێوە کردم و داوای لێکردم کە ببمە ئەندام لە گروپەکەیان.

سەرەتا ئەم بانگهشت کردنەی دڵی خۆش کردم و منیش دەستخۆشیم لێ کردن کە ئەمە هەوڵێکی بەجێیە کە ئەو گروپە دەیهەوێ بانگهێشتی ژنانی کەمایەتیەکانی ناو ئێران بکات کە پەیوەست بن بەم گروپەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەوان ئاگادار نەبوون کە من کوردم وکاتی زانیان پێیان گوتم کە دواتر پەیوەندیم لەگەڵ دەگرنەوە، بەڵام چی تر هیچ هەواڵێکیان نەپرسیەوە. جارێکی دیکەش لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا من پەیوەندیم کردەوە بەهمان ئەندام و ویستم بیرو بۆچوونی لە سەر پەیوەندی و کارلێکەری فێمینیزم و ئەتنیک لە ئێران بزانم. لێم پرسی ئەو پانتایە هاوبەش و لێکچووانە چین کە هەموو چالاکانی مافی ژنان دەتوانن تێیدا هاوشانی یەکتر تێبکۆشن و بەشداری خەباتێکی هاوبەش بکەن بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان؟ لە وڵامدا ئەم خاتوونە پێی وتم کە میوانی هەیەو پێ ناکرێ وڵامی پرسیارەکەی من بداتەوە.

پەیوندیم بە دوو چالاکی دیکەی فارسەوە کرد ئەوانیش بە بڕوو بیانوی هاوشێوە وڵامیان نەدامەوە. لە وڵامی نامەیکمدا، فێمێنیستێکی ناسراوی ئێرانی کە لە ئوروپا دەژیت بووی نوسیم کە ”داوای لێبوردن دەکەم، من کات و وزەی خۆم لە شتێکدا خەسار ناکەم کەهەڵاڵەی شتێک دەکات کە بە پێچوانەوی ئەو ئەخلاقە فێمینیستیەیە کە من بڕوام پێیەتی.“ ئەو خاتوونەش داوای منی رەتکردوە کە روونی بکاتەوە مەبەستی لە ”شتێک“چییەو بۆی شی نەکردمەوە بۆچی باس کردن لە پەیوەندی نێوان پرسی ئەنتیک و فێمینیزم دەشێ ناکۆک و دژبەری ئەخلاقی فێمێنیزم بێ!

بەهەرحال لە نێوان ئەو چالاکانەی کە من پەیوەندیم پێوە کردن هەموو بەم شێوە لە دژی باس کردنی لێکئاڵاویی و کارلێکەری فاکتەرگەلێکی جیاوازی وەک رەگەز، ئەتنیک، چین و جەندەر و بایەخ و پێگەی ئەم فاکتەرانە بۆ بزوتنەوی فێمێنیستی نەبوون. لەوانە تورکەمەن قامیچی یەکێک بوو لەوکەسانەی کە پێ خۆش بوو لەسەر ڵێکئاڵاوی ئەم پرسانەوتووێژ بکات، قامیچی تامزرۆیانەتر لە چالاکانی ناوەند کە خۆیان بە دەمڕاستی هەموو ژنانی ئێران دەزانن، باسی بارودۆخی ژنانی ئازەری لە پارێزگای ئازەربایجان و خەباتی یەکسانیخوازانەی ژنانی کەمایتەیەکانی بۆ کردم.

 لەوانە قامیچی ئاماژەی بە جیاوازی لە نێوان خواست و ئەولەویتەکانی فێمێنیستەکانی نەتەوەی سەردەست و فێمێنیستانی گەلانی بن دەستی کرد لە ئێران.”کاتێ کە چالاکانی مافی ژنان لە تاران خەبات دەکەن بۆ ئەوەی ژنان رێگەیان پێبدرێ بچنە یاریگاو چاو لە وەرزش بکەن، من لە هەوڵی سڕینەوەو ریشەکێش کردنینەریتێکی دژە مرۆیی وەک پشکنینی کچێتیم بۆ تازە بوکانی ئازەری.“ بەپێی وتەی قامیچی، ئەم نەریتە هێشتا لە پارێزگای ئازەربایجاندا باوەو چاوەڕوان دەکرێ کەبەر لە شو کردن دکتۆرێکی کاروباری ژنان پاکداوێنی کچان لەرێی پشکنینی پەردەی کچێتەوە بۆ بنەماڵەی زاوا بسەلمێنی.

بێگومان خەبات و تێکۆشانی قامیچی و هاوچەشنەکانی لە ناو گەلانی بندەستی دیکەدا زۆر سرنج راکێش و پڕ بایەخ نیە بۆ ژنانی ناوەند؛ ژنانی ناوەند ئەم بەربەستەیان تێپەڕاندوەو چیتر لە خەمی ئەودا نین کە پشکنینێکی لەم چەشنە ئابڕۆیان خەوشدار بکات و ببێتە مایەی سەرشۆڕیان لە ناو بنەماڵەو کۆمەلگادا، هەر بۆیە خەبات بۆ سڕینەوەی نەریتێکی وا گرینگیەکی ئەوتۆی نیە لەلای ئەوان. هەرەوها ئەمە بۆ ئەوان زیاتر پرسێکی کلتوریە هەتا سیاسی، چونکە حکومەت ئەوان ناچار ناکات بە ئەنجامدانی پشکنینێکی لەمجورە. بێجگە لەمەش، خستنەڕووی کێشەیەکی وەها لە لایەن ژنانی ناوەندەوە خزمەت بەو وێنەیە ناکات کەو ئەوان کەڵکەڵەی نیشاندانی دەکەن بە دونیای دەرەوە، وێنەیەک کە لەوهەوڵدایە سەرەڕای بوونی دەسەڵاتێکی توندئاژۆ و بنیاتخواز زیاتر پێداگری لەسەر رۆژئاوایی و ئەمڕۆیی بوونی روخساری کۆمەڵگای ئێران بکاتەوە.

قامیچی لە درێژەی وتەکانیدا لەسەر هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە جیاوازی خواستەکان و جۆری خەباتی ژنانی ناوەند و ژنانی کەمایەتەیەکان وتی”من هیچ دژایەتیەکم لەدژی وەدەست هێنانی مافی ژنان بۆ بەشداری لە یاریگاکان نیە، بەڵام تەنیا دەمەوێ کە فێمێنیستانی ناوەند کە لە بەربڵاویی ئەو چەرمەسەری و ئازارو هەڵاواردنە کلتوریانە تێبگەن کە بەسەر ژنانی ئازەریدا سەپاوەو ناچاریانی کردوە بە گویڕایەڵی بە بەها پیاوسالارانەو دژە مرۆیی.“

گوندەو لادێکانی کوردستان یەکێک لە زیاترین ئاماری خۆسوتاندنی و خۆ نوقسانکردنی ژنان لە جیهان پێکدەهێنت. پیاوسالاری، هەژاری، و بێمافی، و سەرجەم ئەو تندوتیژیانەی کە بەهۆی جوگرافیای سیاسی ژیانیانەوە بەسەریاندا سەپاوە رۆژانە تەنگی بەم ژنانەی چینی خوارەوە کۆمەڵگای کوردەواری هەڵچنیووە، شاڵاوی ئاگر بوەتە تنها دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕین وخۆسوتاندن بۆتە تاکە ئامراز بۆ  نیشاندان و دەربڕینی مافی خاوەندارێتی و کنترۆڵی ئەوان بەسەر لەشی خۆیاندا. بەڵام ئەم کێشە لە لای فێمیێنیستانی ناوەند گرنگیەکی ئەوتۆی نیەو ئەوان لە میدیاکانیانەوە پێداگری لە بوونی کێشەیەکی وا وێرانکەر ناکەن.

سورەیا فەلاح زندانی سیاسی و چالاکی مافی ژنان دانیشتووی لوس ئانجلس پێی راگەیاندم کە تەنانەت لە ناو زندانەکانی ئێراندا، ژنانی کورد زیاتر لە ژنانی فارس دەردو ئازار دەکێشن. ”من رێگەم پێ نەدەدرا کە بە کوردی لەگەڵ ئەو کەسانەی دەهاتنە سەردانم لە زیندان قسە بکەم، تەنانەت نەمدەتوانی لەگەڵ دایکم کە بە سەختی دەیتوانی بە فارسی قسە بکات، قسە بکەم - بە کوردی نەمدەتوانی بە هاوسەرەکم بڵێم کە خۆشم دەوێ.“

فەلاح وتیشی ”تەنیا دەمتوانی لەهەفتەیەکدا جارێک ئەویش بۆ ماوەی پێنج خولەک خۆم بشۆم، لە کاتێکا هابەندە فارسەکانم و ئەوانەش کە لە ژووری تاکە کەسیدا بوون رێگەیان پێدەدرا زووزوو خۆیان بشۆن، لە ژوورەکەی مندا ئاودەست نەبوو، تلفزیۆون و رۆژنامە نەبوو؛ دواتر بە خوێندنەوەی بیروەریکانی ناو زندانی بەندکراوانی دیکە زانیم کە ئەوان لە تاران هەندێک ماف و پێداویستی سەرەتایان هەبووە کە من و زیندانیانی دیکەی کورد لێی بێ بەش بووین، زیندانەکان لە کوردستان  زۆر کۆن و خراپ بوون.“

د. رۆیا تلوعی چالاکی ژنان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبی فێمێنیستی کوردستان پێ وایە کە پرسی ئەتنیک لەگەڵ فێمێنیزمدا گرێ خواردوە و ناکرێ لەیەکترداببڕدرێن.”من هەمیشە بۆم پرسیارە ئایا من یەکەم خۆم بە فێمێنیست دەزانم دووەم بە کورد یان بە پێچەوانەوە؟ جیاوازێکی گەورە لە نێوان منو فێمێنیستێکی فارسدا بوونی هەیە، ئەویش ئەویە کە ئەو دەستی ئاوەڵایە بۆ جیاکردنەوەی پرسی جەندەر لە زوڵم و زۆری ئەتنیکی بەڵام من ئەوەم پێ ناکرێ.“

ژنانی نەتەوەی سەرکەتکراو هاوشان لەگەڵ پیاوان بە شێوەیکی یەکسان سەرکوتی نەتەوەی و زوڵم و زۆری ئەتنیکی دەچێژن. تلوعی پێوایە کە ”زۆربەی ئەو پیاوانەی کە مافەئەنتیکەکانیان لە زەوت دەکرێ و سەرکوت دەکرێن لەبەر شوناسی نەتەوییان، توندوتیژتر مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکانیان دەکەن. یەکێک لە سەرچاوەکانی زوڵم و زۆربۆ ژنانی کورد لە ئێران ئەو گرێ خواردویی و لێکئاڵاوی پرسگەلێکی وەک کێشەی ئەتنیک، دۆخی سیاسەت، باری ئابووری و جەندەر و هەڵاواردنی جنسیەکانە کە بەرۆکی بەهەموو ژنان گرتووە. فێمێنیستێکی فارس خەمی ئاسیمیلاسیونی کلتوری و بێ بەش بوون لە خوێندن بە زمانی دایکی ناخوات.“

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە زۆربەی چالاکی ژنانی نەتەوە بندەستەکان لە ئێران لەو باوەڕەدان کە هەڵاواردن و نایەکسانی تەنگی بە هەموو ژنانی ناو ئێران هەڵچنیوە، لەوباوەڕەشدان کە تەنیا وردبوونەوەو بایەخدان بە خواستی ژنانی نەتەوەی سەردەست بە کەڕ و کوێر بوون لە ئاست واقعی ژیان و کێشەو خواستەکانی چەندین ملیۆن لەژنانی نەتەوە بندەستەکان لە ئێران کۆتایی دێت کە لە پەراوێز دەژین و دەنگ و خواستەکانیان لەناو بزونتەوەی یەکسانیخوازانەی ناوەند-تەوەرەوەدا رەچاو نەکراوە.

جیاوازی نێوان گرفت و کێشەکانی ژنانی نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی بندەست پرسێکی نوێ نیەو بە تێرو تەسەلی لەلایەن فێمێنستانی رۆژئاوایەوە خراوەتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. چالاکانی ناسراوی وەک بێل هوکس لە کتێبی ”فێمێنیست تیۆری: لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند (Feminist Theory: From Margin to Center) و هەروەرها ووینی بریەنس لە کتێبی ”گرفتەکانی نێوانمان: مێژوویەکی ئاڵۆزی ژنانی سپی پێست و رەش پێست“ (The Trouble Between Us: An Uneasy History of White and Black Women ) بە وردی باسیان لە فاکتەرگەڵێکی جیاوازی وەک شوناسی ئەتنیکی، رەگەز، جندەر، رنگی پێست و چین ژنان کردوە و پێداگریان لەسەر بایەخی ئەم فاکتەرانە کردوە لە پێکهێنانی شوناسی ژنانی نەتەوەی بندەست و چینی خوارەوەی کۆمەڵگادا.

هەندێ لەو خاڵانەی کە لەم دوو کتێبانەدا راڤەکراون دەتوانێ زۆر بە کەڵک و بەسوود بن بۆ سەرجەم فێمێنیستانی ئیرانی کە سەرجەم ژنانی ناو ئێران بە گروپێکی یەکدەستی کۆمەڵایەتی دەزانن کە ئەوان لە کێشەو گرفتەکانی تێگەیشتوون و نوێنەرایەتی خواستەکانیان دەکەن. تاکو فێمێنیستانی نەتەوەی سەردەست لە ئێران نەتوانن خەباتەکەیان لە  ژێر کاریگەری گوتاری زاڵی نەتەوە پەرەستی نەتەوەی سەردەست دەربێنن، تا نتوانن دان بە فرەچەشنی ئەزموونی ژنانی ناو ئێراندا بنێن، تا نەتوانن هاپەیمان بن لەگەڵ ژنانی پەراوێز و تا دان نەنێن بە چەند رەهەندی ئەو نایەکسانی و زوڵم و زۆرانەی بە هۆی شوناسی نەتەوەیەوە سەر ژنانی نەتەوە ژێردەستەکاندا سەپێنراوە، ئایندەی خەباتەکەیان سەرکەوتوو تر نابێ لە رابرووکەی.

No comments: