Thursday, February 26, 2015

ژنانی ڕوناکی به‌خش


هانا علی
کۆمه‌ڵگای کوردی له‌کۆنی کۆنه‌وه‌ تائێستاش، تابلۆی ژنی قاره‌مان و چاوکراوه‌، وێنه‌ی ژنی پڕ سۆزو میهره‌بانی دایکایه‌تی و به‌ده‌ربه‌ست بۆ داهاتووی نه‌وه‌کانی. قوربانی ده‌ر بۆ کاره‌ساته‌کانی نیشتمان و ئالوده‌بوون، به‌ڕه‌وێنه‌وه‌ی خه‌مه‌کانی، له‌مێژویدا نه‌خشێنراوه‌.
کوردستان هه‌میشه‌ و له‌هه‌موو کاتێکدا، ژن به‌شێک بووه‌ له‌په‌یام و ده‌نگی دلێرانه‌ی. به‌شێک بووه‌ له‌هه‌ڵگرانی باری سه‌خت و دژواری ژیانی ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری و ساته‌مه‌رگ هێنه‌ره‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی سته‌م لێکراو، به‌ڵام تۆمارکه‌ری ئه‌فسانه‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌. له‌م کاره‌ساتانه‌ی ئه‌م دوایه‌ی کۆبانێ و شه‌نگال و ئاواره‌ بونی ده‌یان هه‌زار مرۆڤی کورد، ژنان وه‌ک به‌شێکی کاریگه‌ر و نوسینه‌وه‌ی ئاینده‌یه‌کی دیکه‌ بۆ نیشتمان به‌تۆخی و به‌ڕه‌نگێکی ئاڵ و گه‌ش، خۆیان نه‌خشاند.
ژنانی ڕوناکی به‌خشی ئه‌م بابه‌ته‌ی من، چه‌ند ژنێکی دوره‌ وڵاتی نیشتمانن، که‌به‌تابلۆو کتێب به‌شداری خه‌می نیشتمان ده‌که‌ن. هونه‌رمه‌ندانی زێده‌ ئازیز، شیلان جه‌بار، حاجی خانم و زی، که‌سێ ئارتیستی ژنن، هه‌روه‌ها ئاڤا هۆما، نوسه‌رو مامۆستای کۆلێج، بریاریاندا پێکه‌وه‌ ده‌ستیان هه‌بێت له‌ یارمه‌تیه‌کی ئه‌گه‌ر بچوکیش بێت، به‌ڵام بتوانن پێداویستیه‌کی منداڵانی بێواری نیشتمان دابین بکه‌ن.
ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ هونه‌رمه‌ند شیلان جه‌بار بانگه‌وازی بۆ هه‌ڕاج کردنی تابلۆکانی له‌پێشانگایه‌کدا به‌ناوی ” منداڵانی خۆر” له‌ 22/2/2015 له‌ تۆرنتۆ به‌مه‌به‌ستی کرینی شیر بۆ منداڵه‌کانی ئاواره‌بوی کوردستان ده‌ست پێ کردبوو. هه‌ر زوو پێش ڕاگه‌یاندنی ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌لایه‌ن شیلانه‌وه‌ حاجی خانمی هونه‌رمه‌ند ویستی به‌شدار بێت و تابلۆکانی ئه‌ویش هه‌ڕاج بکرێن بۆ هه‌مان مه‌به‌ست دیاره‌ حاجی خانم خۆی له‌ که‌نه‌دا ناژی به‌ڵام ئاسیا مه‌جیدی کچی لێره‌یه‌ و کۆمه‌ڵێک تابلۆی نایاب و جوانی دایکی هونه‌رمه‌ندی لایه‌ و له‌جیاتی حاجی خانم ده‌یانفرۆشێت و سه‌رپه‌رشتی به‌رهه‌مه‌ هونه‌ریه‌کانی ده‌کات هونه‌رمه‌ندی نیگار کێش زی ، ژنه‌ هونه‌رمه‌ندێکی دیکه‌ی به‌شداربوی ئه‌م پێشانگایه‌ بوو، به‌ڵام کورد نیه‌ به‌ڵکو به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌به‌و خه‌ڵکی به‌غدادی پایته‌ختی عێراقه‌ .
ئه‌ویش وه‌ک ژنه‌ کورده‌کان هه‌ستی به‌ئازار و نه‌هامه‌تی منداڵه‌کانمان کرد و ویستی به‌داهاتی تابلۆکانی چه‌ند قوتویه‌کی شیر بۆ منداڵانی کورد بکڕێت. هه‌ر له‌م هه‌وڵه‌دا ژنه‌ نوسه‌ری ئازا ئاڤا هۆمای کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به‌کتێبی” ده‌نگ دانه‌وه‌ی سه‌رزه‌مینێکی تر” به‌شداربوو له‌م کاره‌ هاوبه‌شه‌ی ژنانی نیگارکێشدا که‌به‌هه‌ردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی ئاماده‌ی کردبوون و وتارێکیشی به‌زمانی ئینگلیزی بۆ ئاماده‌بوان خوێنده‌وه‌ ناوه‌ڕۆکی وتاره‌که‌ی ئاڤا بریتی بوو له‌وه‌ی که‌ ده‌بێت هه‌موو تاکێکی کوردی به‌شدار بێت له‌یارمه‌تی و ئاگا لێ بونی یه‌کتر” ئه‌و باسی ئه‌وه‌ی کرد که‌ کڕینی هه‌ر تابلۆیه‌ک و هه‌ر کتێبێک که‌ له‌و هۆڵه‌دا ده‌بینرێن، یانی کڕینی قوتویه‌ک شیر بۆ منداڵێکی بێ لانه‌کراوی نیشتمان به‌جیا له‌ ژنانی ڕوناک به‌خشیش، هونه‌رمه‌ندی سه‌نتور ژه‌ن په‌یمان شوکروڵاهی که‌خه‌ڵکی ئێرانه‌ و له‌نه‌ته‌وه‌ی فارسه‌، به‌پارچه‌ میوزیکێکی نه‌رم و ئارام، پێشانگای منداڵانی خۆری ئاسوده‌ کرد. پێشانگای “منداڵانی خۆر”کۆتایی هات و توانرا بڕێک پاره‌ کۆبکرێته‌وه‌ بۆ کڕینی شیر بۆ منداڵه‌ بێواره‌کانی نیشتمان، ژنانی ڕوناک به‌خشیش به‌رده‌وامن له‌ په‌خش کردنی ڕوناکی و دڵنه‌وایی.

No comments: