Tuesday, May 6, 2014

Kurdish Version- Kurdish Historic Pain-Body

ئازاری جەستەیی نەتەوەی کورد

ئاڤا هوما
ئاڤا هوما





کاتێک کە هاوڕێین‌، پاڵپشتی گەورەی یەکترین، بەڵام هەر کە ئەم هاوڕێیەتیە نەما، ئەم هەستە لەناکاو بەرەو‌ هەستی تۆڵەسەندنەوە دەگۆڕێت
- ئازاری جەستە تەنها ئەوە نییە کە تاکێک بە دەستیەوە بناڵێنێت، بەڵکو نەتەوەیەک دەکرێ بە گشتی ئەو ئازارەی هەبێت ئەمەش ئەو شتەیە کە من و تۆ پێکەوە دەبەستێتەوە
- یەکێک لە فاکتەرە هەرە گەورەکان کە وا لە نەتەوەی کورد دەکات یەک بگرن، بریتییە لە رۆژی ئەنفالکردنی کورد کە ساڵانە یادی دەکرێتەوە
 
بۆچی ناتوانین لە بیرکردنەوە نەرێنیەکانمان ڕزگارمان بێت؟
ئەو کارەسات و نەهامەتیانەی کە لە ڕابردوودا بەسەرماندا هاتووە، ئێمەی کوردی زۆر بەهێز کردووە، ئێمەی کردووەتە کەسێک کە ڕقمان لێیە ببین بەو جۆرە کەسە. لە ڕاستیدا ئێمە زۆر شتمان کردووە و گوتوومانە کە پەشیمانین لێیان ئەگەر بتوانین ئازایانە دانی پێدا بنێین. هەستی ئەوپەڕی تووڕەیی، یەکێکە لەو شتانە کە دەتوانم بڵێم لەناو خۆم و خەڵکی کورددا هەستی پێدەکەم. هەرچەنەندە تووڕەیی هەستێکی سروشتیی مرۆڤە و هەموو کەسێک هەیەتی، بەڵام توڕەبوونی بەبێ هۆ و شێتگیری لە ئەنجامدا لەوانەیە کاریگەریی گەورەی نەرێنیی هەبێت بەسەر تاکەکەس و کۆمەڵگەوە. ئەمە وای لە کورد کردووە کە لەگەڵ یەکتری سنگفراوان نەبن و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی توندوتیژی. ئێمە یەکگرتوو و ئاشتیخواز نەبووین لەنێوان خۆماندا، بەتایبەتی مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئافرەت و منداڵدا، گونجاو نەبووە.
مەبەست لەم وتارەم ئەوە نییە کە شت دەربارەی کورد بە ڕێچکەیەکی تردا ببەم و گەورەی بکەم، بەڵکو ئەمە خوێندنەوەیەکە لەبارەی کۆمەڵە خەڵکێکی ستەم لێکراو. هەروەک کە ڕۆژانە دەیبینین و هەستی پێدەکەین، ئێمەی کورد ڕق و کینەمان زوو هەڵدەچێت کە لە چرکەیەکدا لەوانەیە گەورەترین ئازار بە خۆمان بگەیەنین، هەروەها کە شتێک یان کەسێکیشمان خۆشدەوێت خۆشەویستیەکە لەوانەیە بگاتە ئاستی پەرستن.
ئەم خاسیەتانە وامان لێ دەکات کە پەیوەندیی زۆر باشمان هەبێت لەنێوان هاوڕێیانماندا کە ئامادەین زۆر شت لەدەست بدەین و بیکەین بە قوربانی ئەو هاوڕێیانەی کە خۆشمان دەوێن. ئەگەر بە شێوەیەکی فراوانتر باسی بکەین، دەتوانین بڵێین کە ئەمە ئەوە پیشان دەدات کە چۆن کورد ژیانی خۆی لەناو دەستی خۆی داناوە و  ئازایانە جەنگاوە لەپێناو وەدەستهێنانی ئازادی. ئەو ئازایەتی و مەردایەتیەی کە لەنێو نەتەوەی کورددا دەبینرێت، بەدەگمەن لەنێوان میللەتانی تری جیهان بەدی دەکرێت.
بۆیە لە ڕاستیدا کاتێک کە هاوڕێین‌، پاڵپشتی گەورەی یەکترین، بەڵام هەر کە ئەم هاوڕێیەتیە نەما، ئەم هەستە لەناکاو بەرەو‌ هەستی تۆڵەسەندنەوە دەگۆڕێت، بەتایبەتیش ئەگەر شتێک لە بەرامبەری ئەنجام بدرێت. 
ڕاستە لەوانەیە ئێستا بڵێیت کە بە دڵنییاییەوە ئێمە ئەوهاین، ڕاستگۆین لە پەیوەندیی برادەرێتیمان و کاردانەوەشمان دەبێت ئەگەر شتێکمان لە بەرامبەردا بکرێت. من ڕەخنە لەو خاسیەتە ناگرم، بەڵکو تەنها دەمەوێت پیشانت بدەم ڕەگی ئەم هەستە گەورەیە کە لەناو ئێمەی کورددا چەسپیوە.
ئەکارت تۆڵ، نووسەر و مامۆستا، باس لە ئازاری جەستە دەکات. ئەو پێیوایە کە ئەو کارەسات و نەهامەتیە ناخۆشییانەی کە بەسەرماندا دێت هەمیشە ئازارەکەی لەناخماندایە و کەڵەکە دەبێت بەدرێژایی ژیان کە کاردانەوە لەسەرمان دروست دەکات.
ئەم هێزە ناڵاندنە لە گیانی هەموو مرۆڤێکی سەر ئەم زەمینەیەدا هەیە. ئەو ئازار و ناخۆشییەی کە دووچاریشی دەبینەوە، هەمیشە هەوڵ دەدەین کە لێی دوور بکەوینەوە. بۆیە هەرچەند کە پیر دەبین، زیاتر ئازارەکەی دەچێژین بەمەش لەش ئازاری زیاتری دەبێت.
ئازاری جەستە تەنها ئەوە نییە کە تاکێک بە دەستیەوە بناڵێنێت، بەڵکو نەتەوەیەک دەکرێ بە گشتی ئەو ئازارەی هەبێت ئەمەش ئەو شتەیە کە من و تۆ پێکەوە دەبەستێتەوە و بە دەست‌ ئازاری جەستەیی ڕابردووی نەتەوەکەمان دەناڵێنین.
یەکێک لە فاکتەرە هەرە گەورەکان کە وا لە نەتەوەی کورد دەکات یەک بگرن، بریتییە لە ڕۆژی ئەنفالکردنی کورد کە ساڵانە یادی دەکرێتەوە لە سەرانسەری کوردستان و لای کوردانی تاراوگە کە وا لە ڕێکخراو و حزبەکان دەکات بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان وەلاوە بنێن و یەک بگرن لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوایەتی. ئازاری جەستەی هەموومان وامان لێ دەکات کە گرنگ نییە لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانە بین، بە هەر جۆرێک بێت لە جۆرەکان پاڵپشتی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان بین. ئەمەش تا ڕادەیەک کاریگەریی ئەرێنی لەسەر سارێژکردنی ئازار و نەهامەتیەکانمان هەیە کە لە بە درێژایی مێژوو چەشتوومانە. ئێستاش کە دەزانین ئازارێکی مێژوویی هاوبەشمان هەیە لەنێوانماندا کە لەوانەیە وامان لێبکات بە جۆرێک ڕەفتار بکەین گونجاو نەبێت، کەواتە دەبێت چی بکەین؟
وەڵامەکەی بریتییە لە هۆشیاربوونەوە و پەسەندکردن. ئێمە کە دەزانین کێشەیەک لە نێوانماندایە، ئەمە یارمەتیمان دەدات زیاتر لە کولتووری خۆمان بگەین. بۆیە زۆر جار لە گەلێک لە بەرنامەی کەناڵە ڕاگەیاندنەکانمان لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموویان، گفتوگۆیەکی وا دروست دەکەن کە هەردوولا دژی یەکتر بوەستن و دەنگ بەسەر یەکتریدا بەرز بکەنەوە، بەبێ ئەوەی لێک تێگەیشتنێک هەبێت لەنێوانیاندا کە ئەمەش وا لە گوێگرانی بەرنامەکە دەکات کە دژی ئەو لایەنە بوەستن کە دژی بیروڕای ئەوانن. ئەمە کاردانەوەی گەورەی هەبووە لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانمان، وەکو ژیانی ناو خێزان، بانگەشەی هەڵبژاردن، بنکەی دەنگدان، پەیوەندیی خۆشەویستی.
ئازاری جەستەمان یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکان کە ئەم جۆرە شتانە دەبینین لەنێوان خۆماندا و هەمیشە ڕێگر بووە لە یەکگرتن و هەبوونی یەک هەڵوێست. ئەمە هۆکارەکەیە کە خەڵکی دوو شاری کوردستان لەبری ئەوەی پێکەوە ئاهەنگ بگێڕن لە بەدەستهێنانی دەسکەوت و زیادکردنی هەستی خۆشەویستی لە نێوان خۆیاندا، هەڵدەستن بە کوشتن و خنکاندنی یەکتری کە بەلایانەوە شتێکی زۆر ئاساییە.
نکوڵی ناکرێت کە قەبارە و کاریگەریی ئازاری جەستە جیاوازە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر. هەندێک کەس کاردانەوەی دەبێت و هەڵدەچێت، لەبەرئەوەی کە بەلاوە نراوە، یاخود لەگەڵ بیروڕای کەسانی تر نین، یان کە تۆمەتبار دەکرێت. هەندێک کەس کە ئازاری جەستەیان زۆر قووڵە بە شەقامەکاندا پیاسە دەکەن و بە سەیارە دەسوڕێنەوە،‌ هەردەم بەدوای کێشەنانەوەی زیاترن. هەندێکیان ئەو ئازارەیان سووکە و پێویستیان بە کاردانەوەیکی زۆر گەورە هەیە لە بەرامبەریان تاوەکو هۆشیار ببنەوە. بە هەر شێوەیەک بێت لە شێوەکان، ئازاری جەستەمان ئازاری زیاتری دەرخوارد دەدرێ ئەمەش بۆیە خۆشی لەم جۆرە ژیانە دەبینین. ئازاری جەستەمان بە ئازاری زیاتر دەرخوارد دەدرێت.
بۆ ئەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و تاکەکەسی پێش بکەوین، پێویستە زیاتر لە خۆمان بگەین و زیاتر خۆمان کۆنتڕۆڵ بکەین کە ئەمەش‌ نیشانەی دانایی هەر تاکێکە. ئێمە ئەو کاتە دەتوانین هەموو شتێک بەڕێوە ببەین کە تێگەیشتنێکی قوڵمان دەبێت لە ناوەڕۆکی واقیعی خۆماندا. هەر کاتێک کە ئێمە هۆشیار دەبینەوە لە زیانی کاردانەواکانمان، وامان لێ دەکات کە واقیعەکە ببینین و دوور کەوینەوە لەو کارە. 
دڵخۆشترین خێزان ئەو کەسانەن کە دەتوانن بەوپەڕی دۆستانە و ئارامییانە گفتوگۆی ئازاری لەشیان بۆ یەکتر بکەن و یەکتریش ئاگەدار بکەنەوە کاتێک دەزانن گفتوگۆیەکە پەرە دەسێنێت و بەرەو ئاقارێکی تر دەڕوات. ئەو کاتەی کە هۆشیار دەبیتەوە لە پەرەسەندنی کێشەیەک، ئەوە مانای ئەوەیە کە قۆناغێکی سەرکەوتنت مسۆگەر کرد. 
تۆڵ ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە هەر کاتێک پەیوەندیی ئازاری جەستەییمان لەگەڵ پڕۆسەی بیرکردنەوەمان دەپچڕێنین، چیتر جەستەمان بەهۆی بیرکردنەوەکانمان ئازار ناچێژێت و ڕاستەوخۆ هۆشیار دەبینەوە لە کاریگەرییەکەی و هەستی پێدەکەین. 
هەرچەندە ئەمە زۆر ئاسانترە کە سەیری هەڵە و کێشەی خەڵکانی تر بکەین و لە خۆمان بپرسین کە بۆچی ئەو شتە دەبێتە هۆی تووڕەبوونی ئێمە و پەستمان دەکات؟ بۆچی ناتوانین لە بیرکردنەوە نەرێنیەکانمان ڕزگارمان بێت دەربارەی ئەو شتە کە لە کاتێکدا دەزانین کە ئەم بیرکرنەوەیە زیانمان پێدەگەیەنێت؟
با ئیتر ئازاری جەستەمان ئاشکرا بکەین و چیتر کێشەی تری دەرخوارد نەدەین. با منداڵەکانمان و هاوڕێیانمان پەروەردە بکەین. لەم ڕێگەیەوە دەتوانین وردە وردە لەم تەڵە و بەربەستە ئازاد بکرێین و زیاتر لە بیرکردنەوەی ژیرانە نزیک ببینەوە تاوەکو کاردانەوەی لەسەر بڕیارەکانمان هەبێت، بۆ نموونە دەنگ بە کێ بدەین و چۆن بتوانین ڕێگایەکی ستراتیژی بدۆزینەوە بۆ ئەوەی گەندەڵی لەن اوبەرین و بە دڵفراوانیەوە بیروڕای یەکتری وەربگرین و بە ئاشتی لەگەڵ یەکتریدا بژین. 
ئیتر با هەنگاو بنێین بەرەو سارێژکردنی ئازارەکان و کوردستانێکی سەرکەوتوو.

Originally Published in http://www.basnews.com/so/Article/Details/mod/702

No comments: