Thursday, June 2, 2011

Echoes from the Other Land featured in a full page review in a Kurdish national newspaper, Bas

http://www.tsarbooks.com/Reviews/review_Echoes_Bas.pdf

ئاڤا هوما: به‌داخه‌وه‌ له‌ كوردستان خه‌ڵكى بێگانه‌ له‌ كورد زیاتر رێزى ده‌گیرێ
01/06/2011
(باس)تۆرۆنتۆ-

ئه‌گه‌رچى تا ئێسته‌ ته‌نیا یه‌ك په‌رتووكى چاپكراوى هه‌یه‌، به‌ڵام میدیا و ناوه‌ندى رۆشنبیریى كه‌نه‌دایى بایه‌خێكى دیارى به‌ "زایه‌ڵه‌كانى نیشتمانه‌كه‌ى دى"ی  نۆبه‌ره‌ى به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى ژنه‌ نووسه‌رى كوردى نیشته‌جێى كه‌نه‌دا "ئاڤا هوما" دا.
ئاڤا كه‌ له‌ تارانى پێته‌ختى ئێران له‌دایك بووه‌ و له‌ شارى سنه‌ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان گه‌وره‌ بووه‌، دوو ماسته‌رى له‌ زمان و ئه‌ده‌بى ئینگلیزى و نووسینى داهێنه‌رانه‌ له‌ ئێران و كه‌نه‌دا وه‌رگرتووه‌.
ئاڤا پێیوایه‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌ى كه‌ له‌ حه‌وت چیرۆك پێكهاتووه‌، بووه‌ته‌ جێى بایه‌خى راگه‌یاندنى كه‌نه‌دایى ته‌نیا له‌به‌ر نێوه‌ڕۆكى چیرۆكه‌كانه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى سه‌رنجڕاكێشى راستگۆیانه‌وه‌ باس له‌ خه‌م و ناسۆر و خواست و هیواكانى خه‌ڵكى كوردستان و ئێران ده‌كات، هه‌روه‌ها ته‌كنیك و ستایلى نووسینى هوما هۆكارێكى دیكه‌ى سه‌رنجڕاكێشانى كه‌نه‌داییه‌كانه‌ به‌لاى چیرۆكه‌كاندا كه‌ ساڵى 2010 له‌لایه‌ن وه‌شانخانه‌ى TSAR له‌ تۆرۆنتۆ چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌.
نووسه‌رى كه‌نه‌دى لویس سه‌برى له‌باره‌ى ئاڤاوه‌ ده‌ڵێ "نووسینه‌كانى ئاڤا تێكه‌ڵه‌یه‌كن له‌ دڵه‌ڕاوكێ و جوانى، كه‌متر گاڵته‌جاڕییه‌ و پتر ئومێدبه‌خشینه‌". سوزن مه‌كلیلاندى نووسه‌ر و رۆژنامه‌ڤانى كه‌نه‌دیش له‌باره‌ى كتێبه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێ "كتێبه‌كه‌ى  ئاڤا هێنده‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ كه‌ ده‌ستت به‌ خوێندنه‌وه‌ی كرد، ئیدى وازى لێ ناهێنى هه‌تا ته‌واوى نه‌كه‌ى".
له‌باره‌ى  ئه‌وه‌ى ئایا ئه‌و پتر خۆى پێ ئێرانییه‌ یان كورد ، ئاڤا به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌ڵێ "خوزگه‌ من به‌ ته‌نیا كورد بام، به‌ڵام چی بكه‌م ئێسته‌ كوردێكى ئێرانیم، ئه‌گه‌رچى پتر خۆم به‌ كورد ده‌زانم، به‌ڵام ناشتوانم نكوڵی له‌ ئێرانیبوونه‌كه‌شم بكه‌م. نكارم ئه‌وه‌ش فه‌رامۆش بكه‌م كه‌ من له‌ كوردستان گه‌وره‌ بووم و زۆربه‌ى خزم و كه‌سوكار و خۆشه‌ویسته‌كانم له‌ كوردستان ده‌ژین". ئاڤا ئه‌گه‌رچى حه‌زى له‌ هه‌موو كولتوور و ئه‌ده‌بیاتێكه‌ "به‌ڵام هیچ شتێك هێنده‌ى میوزیك و شیعرى كوردى كار له‌ روحى من ناكات".
ئه‌و خانمه‌ نووسه‌ره‌ كورده‌ به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێ كه‌ زۆر ئاگه‌دارى ئه‌ده‌بیاتى كوردى نییه‌، هۆكاره‌كه‌شى وه‌ك خۆى ده‌ڵێ ئه‌وه‌یه‌ "چونكه‌ وه‌ك ده‌زانن له‌ كوردستانى ئێران رێگه‌ به‌ خوێندن به‌ زمانى كوردى نادرێت". به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاڤا ئه‌وه‌ى هه‌ر له‌یاد ماوه‌ كه‌ له‌ منداڵیدا زۆر حه‌زى له‌ خوێندنه‌وه‌ بووه‌ و باوكى كتێبێكى كوردیى به‌ناوى "ئه‌ستێره‌كان سڵاو"ى بۆ كڕیوه‌ و بۆى خوێندووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كاریشدا پووره‌كانى (سوڕه‌ییا و موحته‌ره‌م) دیوانه‌ شیعرى كوردییان بۆ كڕیوه‌ تا بیخوێنێته‌وه‌. ئاڤا ده‌ڵێ ئه‌و زۆر به‌ شیعره‌كانى هه‌ژار و هێمن موكریانى و نووسینه‌كانى به‌ختیار عه‌لى سه‌رسامه‌.
مانگى رابردوو ئاڤا بۆ یه‌كه‌مین جار سه‌ردانى باشوورى كوردستانى كرد، له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى چى سه‌رنجى راكێشاوه‌ ده‌ڵێ "ئه‌وه‌ى سه‌رنجى راكێشام ئه‌و ئاوێته‌بوونه‌ بوو له‌ نێوان هاوچه‌رخى و نه‌ریتى، ده‌وڵه‌مه‌ندى و هه‌ژارى، ئازادى و داخراوی، به‌ڵام ئه‌وه‌ى زۆر ئازارم ده‌دات باوه‌ڕ به‌خۆ نه‌بوونى كورده‌". هه‌روه‌ها زۆر نیگه‌رانیشه‌ له‌وه‌ى ژنانى كورد زۆر ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ وپه‌راوێز خراون، به‌ڵام ده‌شڵێ "هه‌رچه‌نده‌ پیاوى كوردى زۆر مێشك كراوه‌م دیتوون به‌ڵام ده‌توانم بڵێم كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ زۆر تووندوتیژه‌ به‌رامبه‌ر ژنان، له‌ كاتێكدا ده‌بووایه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پیاوى كورد زۆر نه‌رمونیان بووایه‌ به‌رامبه‌ر ژن و رێزى بگرتایه‌".
دواجار ئاڤا به‌سه‌رهاتێكى ناخۆش له‌  سه‌ردانه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان بۆ (باس ) ده‌دركێنێ ئه‌ویش كاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ره‌و كه‌نه‌دا، له‌ فرۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر زۆر ته‌نگى پێهه‌ڵده‌چنن و جانتاكانى یه‌ك به‌ یه‌ك پێ ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌ كوردیش قسه‌ى له‌گه‌ڵ كردوون و زانیویشیانه‌ كه‌ كورده‌ "ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌یان له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌شتیاران بكردایه‌ كارێكى ئاسایى بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ منیان كرد و زۆر رێزیان له‌ هاوڕێ چاوشین و قژ زه‌رده‌ بیانییه‌كه‌م نا، به‌ڕاستى جێى داخه‌ له‌ كوردستان، خه‌ڵكى بیانى له‌ ئێمه‌ زیاتر جێى متمانه‌ و باوه‌ڕ بێت. بیانییه‌كان ته‌نیا بۆ قازانجى خۆیان دێنه‌ كوردستان، به‌ڵام ئێمه‌ دڵ و گیانمان بۆ كوردستان لێده‌دات، بۆیه‌ هه‌ق نییه‌ بێڕێزیمان پێ بكرێت، به‌تایبه‌تى له‌ پێش چاوى خه‌ڵكى بێگانه‌".

ئاڤا هوما
- له‌ تاران له‌دایك بووه‌ و له‌ سنه‌ گه‌وره‌ بووه‌.
- دوو ماسته‌رى له‌ زمان و ئه‌ده‌بیاتى ئینگلیزى له‌ زانستگه‌ى عه‌لامه‌ى ته‌باته‌بایى له‌ تاران و نووسینى داهێنه‌رانه‌ له‌ زانكۆى وینزه‌رى كه‌نه‌دا وه‌رگرتووه‌.
- ئێسته‌ له‌ شارى تۆرۆنتۆى كه‌نه‌دا نییشته‌جێیه‌ و خه‌ریكى كارى نووسین و ده‌رس گوتنه‌وه‌ى ئینگلیزییه‌.


No comments: